گۆڤارێکی ئەمریکایی لە وتارێکدا نووسی کە وڵاتی تورکیە بە هۆی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی حاکم بەسەر ئەو وڵاتەدا تووشی گرفتی سیاسی و ئابوورییەکی زۆر بووەتەوە.
ئانکارا جگە لەو کێشە و گرفتانەی کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆی وەکوو سووریە، عێراق، قێبرێس، یوونان و لیبی هەیەتی لە بواری ئابوورییشدا بە داڕمانی نرخی لیرە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکا و کەمیی پاشکەوتی ماڵیی بەرەو ڕوو بۆتەوە و، بێجگە لەمانە کێشەی لەگەڵ کوردەکانی ئەو وڵاتە و سێکۆلارە تورکەکانیش کەمتر لە کێشە دەرەکییەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیە نین.
لەم وتارەدا کە لە گۆڤاری “فۆریەن ئەفایێرز″دا بڵاو بۆتەوە، هاتوە: “ڕەجەب تەیێبئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیە سەرەڕای هەموو ئەو گرفت و قەیرانەی کە تووشی تورکیەی کردوە، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە دەست تێوەردان لە وڵاتانی دیکە و بە پەرەپێدانی شەڕوئاڵۆزی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەیدا سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و پێش بە دۆخی داڕمانی ئابووری و دابەزینی بەرچاوی نرخی لیرە لە بەرامبەر دۆلاردا بگرێ، بەو مەبەستەی بتوانێ دۆخی سیاسیی وڵاتەکەشی کۆنترۆڵ بکا.”
نووسەر لە درێژەی وتارەکەدا دەڵێ کە ئەردۆغان بە تەواوی لایەنگریی خەڵکەکەی لە دەست داوە و ناوبراو هەرچەن کە خۆی ماندوو بکا بۆ چاکسازیی وڵاتەکەی بۆی جێبەجێ نابێ و ژمارەی دژبەرانی لە تورکیەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ و ئەردۆغان بەرەو کۆتایی دەڕوا.












