کرێکارانی چەند پاڵاوگەیەکی “بووشێهر، قێشم، ئابادان، ئیسفەهان، ماهشەهر و بەندەرعەباس” مانیان گرتوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەم مانگرتنانە ڕوو لە زیاد بوونە.
لە لایەکەوە نزیکەی دوو مانگە مانگرتنی کرێکارانی “نەیشەکەری حەوت تەپپە” بەردەوامە و بێ وڵام ماوەتەوە، لە لایەکی دیکەوە مانگرتنەکان خەریکە گشتگیر دەبێ و سەراسەری ئێران دەگرێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا کرێکارانی “پاڵاوگەی ئیسفەهان” ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی بە ناڕەزایەتیی دەربڕین لە پێنەدانی مووچە و پێڕانەگەیشتنیان دەستیان لە کار کێشایەوە مانیان گرت.
هاوکات کرێکارانی شیرکەتی “پیترۆشیمیی ڕازی” لە ماهشەهری خوزستان مانیان گرت و دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.
بە پێی ڕاپۆڕتی “ئیلنا”، بە بڕیاری بەرپرسی ئەو شیرکەتە ڕێگەیان نەدا نوێنەری کرێکارانی شیرکەتی پیترۆشیمیی ڕازی بچێتە ژوورەوە.
کرێکارانی ئەم شیرکەتە داوای نەمانی جیاوازی لە پێدانی مووچە لە نێوان کرێکارە هەمیشەیی و کرێکارە کاتییەکان و هەروەها جیاکردنەوەی کارەکان و پێڕاگەیشتن بە هاتووچۆیان بۆ سەر کار لەم دۆخە خراپەی ئابوورییەدا دەکەن.
لە لایەکی تریش ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ کرێکارانی وێستگەی کارەبای، “بیدخوون” لە عەسەلوویە بۆ دووهەمین ڕۆژ مانیان گرت و مانگرتنی کرێکارەکان بوو بەهۆی داخرانی وێستگەی ژمارە ١٤ی عەسەلویە.
شایانی باسە کە دۆخی خراپی ئابووری بە هۆی دزی و گەندەڵی لە ڕاددەبەدەری بەرپرسانی ڕێژیم و سیاسەتە ئاژاوەگێڕی و شەڕخوازانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەڵکی ئێرانی بەرەو قەیران و کارەساتێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بردوە.