بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان و لە زمان یەکێک لە کاناڵە نێوخۆییەکان بە ناوی “صبح زاهدان” تەقینەوەیەک بە دەنگێکی زۆرەوە لە گەڕەکی “زیباشەهر”ی زاهیدان ڕووی داوە.
لە لایەکەی تریش سەرچاوە نێوخۆییەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ڕوودانی تەقینەوەیەکیان لەم شارە ڕاگەیاندوە و چەند ڤیدیۆیەکیش لەم پێوەندییەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە.
بە پێی زانیارییە بڵاو کراوەکان لەو تەقینەوەیەدا لانیکەم دوو پۆلیس بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵدەریی “صدا و سیما”ش پشتڕاستیکردوەتەوە کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا سەربازێک و پۆلیسێکی هێزەکانی ئاسایشی زاهیدان بریندار بوون.
لە لایەکی تریشەوە ڕێکخراوی “جەیشولعەدل” لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردوەتەوە کە شەوی ڕابردوو، سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بە دانانەوەی دوو مین لە ماشینێکی گشتیی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و ماتۆرسیکلێتێکی ئەو هێزانه، ٤ کەسیان بریندار کردوە، ئەو ڕێکخراوە هەروەها ئاماژەەی بەوە کردوە ئەو تەقینەوە بە “ئامانجی هۆشداری دانە بە هێزەکانی ڕێژیم لە شاری زاهیدان” و هەروەها لە درێژەدا هەڕەشەی کردوە کە، “ئەگەر دەست لە زوڵم دژی خەڵکی بەلووچ هەڵنەگرن، سزا دەدرێن”.