لە هێرشێکی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر بنکەیەکی حیزبوڵڵای عێراقی لە سنووری “ئەلبووکەمال” ١٥ چەکداری ئەو گرووپە کوژران.
بە پێی هەواڵی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە ١٤ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی بنکەیەکی سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چەکدارانی حیزبوڵڵای عێراقی تێدایە لە “ئەلبووکەمال” لە سنووری عێراق و سووریە کەوتە بەر هێرشی توندی فڕۆکەکانی ئیسرائیل کە لە ئاکامدا ١٥ چەکداری حیزبوڵڵای عێراق کە سەر بە سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کوژران و دەیان چەکداریش بریندار بوون و بنکەکە بە تەواوەتی وێران بووە.
شایانی باسە کە ئیسڕائیل ماوەیەکە بەردەوام بنکە و بارەگاکانی گرووپە تێرۆریستییەکانی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە، عێراق، لوبنان و تەنانەت ناوەندە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامییش لە قووڵایی خاکی ئێران دەکاتە ئامانج، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ کاردانەوەیەکی نییە.












