بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، سزای سێدارەی “مستەفا ساڵحی”، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ لە بەندیخانەی “دەستگێرد”ی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
ئاژانسی هەواڵدەری “میزان” ڕایگەیاندوە کە “مستەفا ساڵحی” بە تۆمەتی “کوشتنی سەجاد شاسەنایی، ئەندامێکی سپای پاسداران” لە کاتی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ سزای سێدارەی بەسەردا سەپا بوو.
دوای پشتڕاستبوونەوەی سزای سێدارەی مستەفا ساڵحی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لە نێو خەڵک وتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.
ئەو لاوە تەمەن ٣٠ ساڵە لە کاتێکدا لەسێدارە دراوە کە لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردنەکەیدا تۆمەتی کوشتنی سەجاد شاسەنایی ڕەت کردبوەوە.
شایانی باسە، لە ئاکامی خۆپیشاندانە ناڕەزیەتییەکان لە ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەران دەسبەسەر کران و حوکمی چەند ساڵ بەندکران و هێندێکیشیان سێدارەیان بەسەردە سەپا و لە چارنووسی هێندێکیشیان هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە.