بە دەستی هێزە چەکدارەکانی تورکیە کۆڵبەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەست دا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ۱٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی تورکیە لە سنووری “یوکارجیلی”
نزیک بە چاڵدێرانی ورمێ تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردوە کە لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی ٤۱ ساڵە خاوەن ٦ منداڵ بە ناوی “ئێبراهیم بایکار” گیانی لە دەست دا. جێی ئاماژەیە سەرتا تەرمەکەی بۆ پزشکی دادوەری شاری وان لە باکووری کوردستان ڕاگوێزراوە و دواتر هێناویانەتەوە زێدی خۆی و بە خاک سپێردراوە.
شایانی باسە، کۆڵبەرانی کورد لە پێناو پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان بەردەوام لە سنوورەکانی کوردستان دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیە و بەم هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.