کۆمیتەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی کوژرانی “قاسم سلێمانی”، فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و “ئەبوو مەهدی موهەندیس″، جێگری بەرپرسی حەشدی شەعبی، ڕایگەیاندوە کە کۆمپانیایەکی مۆبایل و پێوەندیی عێراق، زانیارییەکانی مۆبایلەکەی یەکێک لە هاوڕێیانی ئەبوو مێهدی موهەندیسی داوەتە ئەمریکا، ئەو کۆمپانیایەی تۆمەتبار بەوە کرد کە لە کوژرانی ئەو دوو کەسەدا کاریگەریی بەرچاوی بووە.
هەواڵدەریی “ئیسنا” ڕۆژی دووشەممە لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدەن کە مۆبایلەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا و بنکەی ویکتۆریا تەحویلی هێزەکانی ئەمریکا دراون. ئەو سەرچاوەیەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارەوە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا هەر لە ڕێگەی ئەو تەلەفۆنەوە زانیاریی پێویستییان سەبارەت بە دیداری ئەبوو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی وەدەست هێناوە و لە پڕۆسەی تێرۆری ئەو دوو کەسەدا دەوری بەرچاوی هەبووە .
شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردووداشدا لە درێژەی کێشە و ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی “مستەفا کازمی”، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزەکانی حیزبوڵڵای عێراق ڕایانگەیاندبوو کە مستەفا کازمی هەوڵی لەنێو بردنی قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیسی داوە. یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵڵای عێراق بە ناوی “ئەبووعەلی عەسکەری” هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە کازمی کردبوو.
دوای ئەوەی کە قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس لە فڕۆکەخانەی بەغدا و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا کوژران ، “دوناڵد ترامپ”، سەرۆک کۆماری ئەمریکا قاسم سلێمانی بە یەکەم تێرۆریستی جیهان نێو برد و کۆماری ئیسلامییش هەر جارە کەسێک و لایەنیك تۆمەتبار دەکا.












