هێرشی ئاسمانیی ئیسڕائیل بۆ سەر چەند بنکەیەکی نیزامی لە ناوچە سنوورییەکانی “گوڵان و دەمێشق” لە سووریە خەسارێکی زۆری لێکەوتەوە.
ئەرتەشی ئیسڕائیل شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە، هێرشیان کردوەتە سەر چەند بنکەیەکی هێزەکانی سووریە لە ناوچەکانی گوڵان و دەمێشق. لەو ڕاگەیەندراوەی ئەرتەشی ئیسڕائیلدا هاتوە کە ئەو هێرشانە بۆ وڵامدانەوەی کردەوەکانی ڕێژیمی “بەشار ئەسەد بووە” کە لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانی ئەو ڕێژیمە ویستیان لە نێوان سنووری ئیسڕائیل و سووریەدا تەقینەوە بکەن.
فڕۆکەکانی ئیسڕائیل بە بۆردومانکردنی بنکەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی، پەدافەندی ئاسمانی، لەنێو بردنی چەندین بنکەی نیزامیی ڕێژیمی سووریە کۆتاییان بە هێرشەکە هێناوە.
چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لەو بارەوە ڕایگەیاند کە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی “تەل حەمەر” لە باشووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە بەرز بووەتەوە.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ لایەنێک لە چاودێری مافی مرۆڤی سووریە و ڕێژیمی ئەسەد ئاماری کوژراو و برینداری ئەو هێرشانەی ئیسڕائیلیان بڵاو نەکردوەتەوە و لە ڕاددەی خەسار و زەرەر و زیانەکانی ئەو هێرشە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.












