بە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە کانێکسی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی “سەرپێڵی زەهاوی” کرماشان دوو کەس گیانیان لەدەست دا.
ئەم ئاگر کەوتنەوەیە کە ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی لە یەکێک لەو ناوچە بوومەلەرزەلێدراوانە ڕووی داوە و خەڵکی ئاوایی “زریجوبی” سەرپێلی زەهاو هەواڵەکەیان ڕاگەیاندوە و سووتانی کانێکسەکەیان بۆ تەقینەوەی گاز گەڕاندوەتەوە، کە بە هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و منداڵێکیش بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە .
شایانی باسە، دوای تێپەڕینی نزیک بە سێ ساڵ بەسەر بوومەلەرزەکەی کرماشانادا ت ئێستاش بەشی زۆری خەڵکی ئەو ناوچانە لە نێو چادر و کانێکسەکاندا دەژین و ڕۆژانە دووچاری چەندین ڕووداو دەبنەوە، خەڵکی ئەم ناوچانە لەگەڵ چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرەو ڕوون و دوای چەندین جار قەول و بەڵێنی کاربەدەستان کێشەکانیان هەروا لە جێی خۆی ماوەتەوە.
جێی ئاماژەیە، لە کاتی بوومەلەرزەکەی کرماشان تەنیا خەڵکی کوردستان خۆیان بوون لە هەموو شار و ئاواییەکان هاوکارییەکانیان بۆ ئەو ناوچانە کۆ کردەوە و گەیاندیانە دەستی خەڵک.