وێلادیمێر پووتین، سەركۆماری ڕووسیە، بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی وڵاتانی هەناردە كاری گاز، سەردانی تاران دەكا.
ئەم كۆبوونەوەیە ڕۆژی ٢ی سەرماوەز دەست پێ دەكاو كۆمەڵێك لە كاربەدەستانی پلەبەرزی وڵاتانی جیهان لەم كۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن.
بەپیچی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕووسیی “ئێسپووتنیك” یووری یووشاكۆف، ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی پووتین، وێڕای ئاماژه بە كۆبوونەوەی تاران گوتی ڕووسیە ” لە ئاستی هەرە سەروودا” و بە ئامادە بوونی سەركۆماری وڵاتەكەی بەشداری لەم كۆبوونەوەیەدا دەكا.
ئەم كاربەدەستەی ڕووسیە هەروەها گوتی ڕەنگە سەركۆماری ڕووسیە لە پەڕاوێزی كۆبوونەوەی تاران، چاوی بە كارەبهدەستانی ئێران یان كاربەدەستانی وڵاتانی دیكە بكەوێ. پووتین لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لەگەڵ حەسەن ڕووحانی، سەركۆماری ئێران و عەلی لاریجانی سەرۆكی مەجلیسی ئەم وڵاتە دیداری كردبوو.
سەركۆماری ڕووسیە لە حاڵێكدا سەردانی تاران دەكا كە وڵاتەكەی دەورێكی چالاكتر لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت لە قەیرانی سووریەدا دەگێڕێ. هێزی ئاسمانیی ڕووسیە چەند مانگێکه بەردەوام پشتیوانی لە هێزەكانی بەشار ئەسەد لە سووریە دەكاو ماوەیەك پێش دەسپێكی هێرشەكانی ڕووسیە لە سووریە، بەشار ئەسەد لە مۆسكۆ چاوی بە ویلادیمیر پۆتین كەوت.
دەوڵەتی ڕووسیە هەروەها بە هاوكاریی دەوڵەتانی ئێران، عێراق و سووریە ناوەندێكی زانیاریی هاوبەشیان بە بەغدا پێك هێناوە كە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش پێك هاتووە.