لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەستچووان بە هۆی کۆرۆنا لە جیهاندا، بە پێی ئامار و زانیارییە بڵاو کراوەکان ئێران بە تۆمار کردنی ٢١٥ گیان لە دەستچوو لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا پلەی سێهەمی تووشبووانی لە نێوان وڵاتانی جیهاندا بە دەست هێنا.
لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی گەولاوێژی ٩٩ی هەتاوی (٣ی ئوتی ٢٠٢٠)، هێند بە ٨١٠ گیان لە دەست چوو پلەی یەکەم، مێکزیک بە ٢٧٤ پلەی دووەم و ئێران بە ٢١٥ گیان لە دەست چوو لە ڕیزبەندی وڵاتانی تووشبوو بە کۆرۆنا لە پلەی سێهەمدا جێی گرتوە.
جێی ئاماژەیە بە پێی تازەترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە ڕۆژی دووشەممە بڵاو کرایەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ٢١٥ کەس گیانیان لە دەست داوە و ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتەدا لە ٣١٢ هەزار کەسی تێ پەڕاندوە و کۆی گشتیی گیان لە دەست چووان تا ئێستا گەیشتوەتە زیاتر لە ١٧ هەزار کەس.
شایانی باسە، کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئێراندا تەشەنە دەسێنێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی تووشبووان و گیان لە دەست چووان زیاتر دەبێ، بەشی زۆری پارێزگاکان لە دۆخی سوور یان هۆشدارییدان و دەوڵەت تا ئێستا بە پێی پێویست هەوڵی نەداوە ڕێکارێک بۆ پێشگرتن لە ڤایرۆسەکە بگرێتە بەر. بەشی زۆری نەخۆشخانەکان پڕ بوون و توانای وەرگرتنی نەخۆشەکانیان نەماوە، کادرە دەرمانی و پزشکەکان ماندوون و زۆریان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ناوەندە دەرمانییەکانیش لەگەڵ کەمیی پێداویستیی پزشکی ڕوو بە ڕوون. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییش لە چەواشەکاریی بڵاو کردنەوەی ئاماری هەڵە بەردەوامن و ئەو ئامارانەی خراونەتە ڕوو زۆر کەمترن لە ئاماری تووشبووان و گیان لە دەست چووان لەم وڵاتەدا.