گوشارەکان بۆ وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لەسەر بنەماڵەی قوتابییان لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، لەگەڵ دەستپێکردنی ناونووسیی قوتابییان لە قوتابخانەکان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بنەماڵەی قوتابییانییان ناچار کردوە کە بڕی نزیک بە یەک میلیۆن تمەن بۆ “هاوکاری”ـی قوتابخانە بدەن، لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پووڵە قوتابییەکان ناونووسی ناکرێن.
ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو بڕی ئەو پووڵەی لە قوتابییان وەر دەگیرا زۆر کەمتر لەو بڕە پووڵە بوو کە لەم دۆخە خراپەی ئێستای ژیانی خەڵکدا داوا کراوە، بە جۆرێک کە ئەم داواکارییە ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییانی لێ کەوتوەتەوە.
شایانی باسە، سەرەڕای دۆخی خراپی قوتابخانەکان و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان و هەروەها ناستانداردبوونی بەشی زۆری قوتابخانەکانی کوردستان و دووریی بەشێکی زۆری قوتابخانەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونی قوتابییان، گوشارەکانیش بۆ وەرگرتنی پارە زیاتر دەبێ، ئەوە لە کاتێکدایە خەرجی دابینکردنی کەلوپەلەکانی قوتابخانە لە هەر وڵاتێکدا لە ئەستۆی حکوومەتە، بەڵام لە ئێراندا ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە وەلا نراوە ئاسایش و خۆشبژیویی خەڵکی ئەم وڵاتەیە.