ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بۆ جارێکی دیکە کەوتنە بەر هێرشی تۆپخانە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیونی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی بۆجارێکی دیکە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و برادۆست داوەتە بەر هێرشی تۆپخانە و مووشەکیی فڕۆکەی بێ فڕوکەوان.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زەرەر و خەسارێکی زۆر بەر ڕەز و باخ و دارستان و لێڕەوارەکانی ناوچەکە گەیاندوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵانی ڕابردووشدا و ئەمساڵیش ئەمە چەندەمین جارە کە ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکا و ئارامی و هێمنیی ئەو ناوچانە لە خەڵک و دانیشتووانەکەی دەشێوێنێ. سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە چەند حەوتووی ڕابردووشدا بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان مانۆرێکی نیزامیی گەورەی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد و هێزێکی زۆری پیادە و تۆپخانەی لەسەر سنوور کۆ کردەوە. لە ڕەوتی ئەو مانۆڕەشدا زەرە و زیانێکی ماڵیی زۆر بەر دانیشتووان و ژینگەی ئەو ناوچە سنوورییانە گەیشت.