“سادق زیباکەلام”، چالاکی سیاسیی ڕێفۆرمخواز، بە ڕەخنە گرتن لە ڕێژیم بە گشتی و لە حەسەن ڕۆحانی بە تایبەتی ڕایگەیاند بە هەر شێوەیەک کە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، دەبینین کە خەڵک لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناڕازیین.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی گەلاوێژ لە وتووێژێکدا لەگەڵ “اصلاحات نیوز″ ڕایگەیاند: ”مەگەر کەسانێک نەبینن و لە دۆخەکە تێنەگەن ئەگینا لە ماوەی ئەم ٤١ ساڵەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییدا، جیاوازیی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگه، کێشە ئابوورییەکانی وڵات و فشاری سەر خەڵک زیاتر لە هەموو کاتێک بووە.” هەروەها باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ئەم چل ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامییدا بەردەوام بەرەو دوا ڕۆیشتووینەتەوە و لە بواری ئابوورییدا هیچ پێشکەوتنێکمان نەبووە، لەوە گرینگتر ئەوەیە کە لە ماوەی هاتنە سەر کاری حەسەن ڕۆحانی هیچ بەشێکی دەوڵەت لە کار و هەوڵی ناوبراو ڕازی نەبووە و دۆخی ئێرانی بە تەواوی بەرەو دوا بردوە. بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران زیاتر بووەتەوە و کێشە ئابوورییەکان زیاتر تەنگیان بە خەڵک و دەسەڵات هەڵچنیوە، ئەویش لە سایەی سیاسەتەکانی دژی ئەمریکا، دروشمی لە نێو بردنی ئیسڕائیل و … بووە کە زەربەیەکی زۆری لە ڕێژیم داوە.
شایانی باسە کە قسەکانی سادق زیباکەلام لە حاڵێکدایە کە هەموو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەزانن دۆخی ئێران بە چ شێوەیەک نالەبارە و لە بواری ئابوورییەوە چەندە داڕماوە. بەڵام سیاسەتە هەڵە و شەڕخوازانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتداریی خۆیدا وای کردوە کە بەشێکی هەرە زۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییدا بژین.
جێی ئاماژەیە، زیباکەلام خۆی یەکێک لەو کەسانە بوو کە پشتیوانیی لە ڕۆحانی و کۆماری ئیسلامی دەکرد و دەیگوت ئامادەم بۆ بەرگری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بدەمە چەک و شەڕ بکەم.