وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ڕێککەوتنی ئێران و چین ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیاتر دەکا
“مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی گەلاوێژ لە وتووێژێکدا لەگەڵ “فاکس نیوز″، سەبارەت بە بەرەنجامی ڕێککەوتنی هاوکاریی ۲۵ ساڵەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و چین، هۆشداریی دا و گوتی: ”هاتنی چین بۆ ئێران ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زۆرتر دەکا.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەکردن بە قۆناغی کۆتایی پەسەندکردنی ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ “پێکەن” و کاریگەریی لە سەر ناوچەدا گوتی: “جێی سەرسووڕمان نییە ئەو ڕێژیمانەی کە لە وڵاتەکەی خۆیاندا هیچ ڕێزێک لە ئازادیی گەلەکەیان ناگرن و لە دەرەوە بۆ دەستتێوەردان لە ئەمنیەتی وڵاتان دەست دەدەنە دەستی یەکتر.”
“پۆمپێئۆ” لە سەر گەمارۆکانی سەر ئێران لە وتووێژەکەیدا گوتی: “ئێمە بە تەواوی و بە هەموو ئیمکاناتێکمانەوە هەوڵ دەدەین ئەو گەمارۆیانەی کە خستوومانەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بیانخەینە سەر حیزبی کۆمۆنیستی چین و شیرکەتە دەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتەش.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەرنجدان بە نزیکبوونەوەی کۆتایی گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕەزبەردا گوتی: “ئەگەر گەمارۆکان درێژ نەکرێنەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست دەکا بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە تەواوی جیهان”، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینەوە هەوڵ دەدا کە گەمارۆی چەکوچۆڵ لە سەر ئێران لا نەبرێ و هیوای خواست وڵاتانی جیهانیش هەست بەو مەترسییە بکەن.
ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا و دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی و بازرگانی کردن بە چەکوچۆڵ و پشتیوانیی ماڵی لە لایەن حیزبی کۆمۆنیستی چینەوە مەترسیی سەر ناوچە زیاتر دەکا.












