خامنەیی باس لە بازدانی بەرهەمهێنان دەکا و ڕۆحانی دەڵێ پێمان ناکرێ.
“حەسەن ڕۆحانی” سەرۆک کۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵامی “عەلی خامنەیی”، ڕێبەری ئەو ڕێژیمە کە ساڵی ٩٩ی هەتاویی ناو نابوو ساڵی بازدانی بەرهەمهێنان (جهش تولید) ڕایگەیاندوە کە دەبێ ڕاستییەکانی ئابووریی وڵاتیش ببینین.
“عەلی خامنەیی”، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویی ناو نابوو ساڵی بازدانی بەرهەمهێنان، یانی زیاتر کردنەوە و خێراتر کردنەوەی بەرهەمهێنان. بەڵام لە قسەکانی حەسەن ڕۆحانییدا دەر دەکەوێ کە هیچ بازدانێک بۆ بەرهەمهێنان جێبەجێ نابێ. ڕۆحانی دەڵێ: “بۆ بازدان و پێشکەوتن لە بەرهەمهێناندا پێویستمان بە بناغە و پێداویستیی تایبەتە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەوانەی نییە و ناتوانین بگەین بە ئامانجەکانمان.”
خامنەیی لە قسەکانیدا باسی لەوە کردوە کە ساڵی ٩٨ـی هەتاوی ساڵی زیاتر کردنی بەرهەمهێنان بووە و ئەمساڵ دەبێ زیاتر لە ساڵی ڕابردوو بەرهەمهێنانی نێوخۆیی ئێران گەشە پێ بدەین. بەڵام ئامار و زانیارییەکانی بانکی جیهانی و ناوەندە پێوەندییدارەکان نیشان دەدەن کە ساڵی ڕابردوو ئابووریی ئیران لەسەتا ٩ داڕماوە و ئەمساڵیش ئەو داڕمانە لە ساڵی ڕابردوو زیاتر دەبێ.
جێگەی ئاماژەیە کە عەلی خامنەیی وەکوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە هەوڵدا بووە بە شێوەیەک قسە بکا و خەڵکی ئێران بەوە فریو بدا کە گوایە لە هەوڵی باشترکردنی ئابووریی وڵاتدا بووە، بەڵام لە ڕاستییدا هیچ هەوڵێکی لەو بارەوە نەداوە. هەروەها حەسەن ڕۆحانی لە ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا لەبەر نابەرپرسایەتی و لێنەهاتوویی خۆی، دۆخی ئابووریی ئێرانی بە شێوەیەک لاواز کردوە کە هاتنەوە سەر دۆخی ئاسایی بەشەکانی بەرهەمهێنان و ئابووریی ئەو وڵاتە، چەند ساڵی دیکە دەخایەنێ. لە لایەکی دیکەشەوە، چ عەلی خامنەیی و چ حەسەن ڕۆحانی هەر دووکیان بۆ فریودانی بیروڕای گشتی لە هەوڵدان تاکوو بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێ خەڵک بێدەنگ بکەن و تاوانەکانیان لە ئەستۆی یەکتر بخەن.