هەڵمەتێکی لەدژی کوشتنی کۆڵبەران لەژێر ناوی “#کولبر_نکشید” (کۆڵبەر مەکوژن) دەستی پێ کردوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەشتەگی “#کولبر_نکشید” (کۆڵبەر مەکوژن) سەبارەت بە کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و، دۆخی نالەباری ژیانی کۆڵبەرەکان هەڵمەتێکیان دەست پێ کردوە.
ئەو هەڵمەتە بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین لە هەمبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بەو دۆخە دژوار و سەختەی بە سەر خەڵکی کوردستاندا سەپاوە و ناچاران لە ناوچە سنوورییەکان بە کۆڵبەرییەوە خەریک بن، دەستی پێ کردوە.
جێی ئاماژەیە ئەو هەڵمەتە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی پاش کوژرانی کۆڵبەرێک بە ناوی “وەزیر محەممەدی” تەمەن ٢٩ ساڵ و باوکی چوار منداڵ لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان دەستی پێکرد. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە هەر ڕۆژێک دواتر کۆڵبەرێکی تر بە ناوی “ڕەزا پوورئیسماعیل” بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکان لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران گیانی لە دەست دا.
شایانی باسە، کۆلبەرانی کورد بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و دەکوژرێن و بریندار دەبن، لە لایەکی تریشەوە مەترسیی بەربوونەوە لە بەرزاییەکان و سەرما و ڕەقهەڵاتن لە وەرزی زستان و تەقینەوەی مینە چێندراوەکان و… بەردەوام هەڕەشە لە ژیانی کۆڵبەران دەکا.











