پۆلێک لە لاوان و ژینگەدۆستانی شاری سەردەشت لە هەڵمەتێکی ژینگەپارێزیدا چالاکییەکیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی کیژان و کوڕانی شاری سەردەشت لە گرووپی گیاڕەنگ و ئەنجومەنی شاخەوانی ئەو شارە و کەسانی دڵسۆز و ژینگەپارێزان لە ژێر دروشمی “ژینگە و ژیان دووانەیەکی ھەرمانن” چالاکییەکیان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەدا دۆڵی “بەردەپان” بۆ “کێلێ” پاک کرایەوە و بە سەدان کیسە لە پاشماوەی فڕێدراو کۆ کرایەوە، ژینگەدۆستان هیوایان خواست گەشتیاران لە کاتی هاتنیان بۆ ئەو شوێنانە زبڵ و پاشماوەکان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە و ژینگەی کوردستان لە پیسی بپارێزن.
جێی ئاماژەیە کەم نین ئەو ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەپارێزیانەی کە لە سەر دەستی کەسانی دڵسۆز و خۆبەخش ساڵانە چەندین چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەبەن و ژینگەی وکوردستان دەپارێزن.