بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، پازدەهەمین کۆڕی “ئەنجومەنی ئەدەبیی دیالۆگی مەهاباد” بۆ شرۆڤە و لێکدانەوەی کتێبی “قەڵای دمدم” لە نووسینی “عەڕەبی شەمۆ” و وەڕگێڕدراو بۆ زاراوەی کرمانجی خواروو لە لایەن “شوکور مەستەفا”، بە بەشداری کەسانی بەرچاو لە نووسەران، خوێنەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبی و خاتوونانی هۆگری کتێب بە شێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو.
سەرەتای کۆڕەکە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی دیالۆگ بە نووسراوە و فایلی دەنگی بابەت و وتارەکانیان لە گۆشەنیگای تایبەتەوە تاوتوێ کرد و چەند کەس لە خاتوونەکان هەر یەک لە ڕوانگەیەکەوە، سەبارەت بە مێژوو و کەسایەتییەکانی “قەڵای دمدم” ڕاو بۆچوونەکانیان خستە بەر باس.
لە بەشێکی تری کۆڕەکەدا دوکتور”ڕەهبەر مەحموودزادە” بە ئاماژەدان بەوەی کتێبی “قەڵای دمدم”، ئیلهامی لە ڕووداوێکی تڕاژیکی ڕاستەقینەی پێوەندیدار بە مێژووی گەلەکەمانەوە وەرگرتوه، باسی لەوە کرد کە لە بابەت ڕووداوی قەڵای دمدم سێ دەستە سەرچاوە هەن کە بۆ ئاگادار بوون، دەکرێ ئاماژەیان پێ بدەین؛ دەستەی یەکەم، هێندێک سەرچاوەی مێژوویین، دەستەی دووهەم هێندێک سەرچاوەی ئەدەبین و دەستەی سێهەم هێندێک بابەتن کە لە حافزەی بە کۆمەڵی میللەتی کورددا ماوەتەوە.
بەشی کۆتایی کۆڕە ئانلاینەکە تەرخان کرابوو بە کۆبەندییەک لە ڕاو بۆچوونی بەشداربووان و دواتر خاتوونانی دیالۆگ بۆ مانگی داهاتوو کتێبی “هاوارەبەرە و میرزا”ی مامۆستا فەتاح ئەمیریان بۆ تاوتوێ کردن دیاری کرد.