“عەلیڕەزا کاکاوەند”، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان بە ئاماژە دان بەوە کە بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی “گاوشان” کێشەی ئاوی خواردنەوەی کرماشان چارەسەر نابێ، گوتی: “لەگەڵ کێشەی نەبوونی نزیک بە ١٧٠٠ کیلۆمیتر تۆڕ و هێڵی گواستنەوەی ئاو لە شاری کرماشان بەرەو ڕووین، کە نزیکەی ٤٥ لەسەدی تووشی ڕزین بووە و تەمەنی کارکردنیان زیاتر لە ٣٠ ساڵە و پێویستە بگۆڕدرێن”.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند، بۆ چاککردنەوەی ئەو هێڵانە پێویست بە ٤٠٠ میلیارد تمەنە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو تەنیا ٦٠٠ میلیۆن تمەن پووڵ بۆ چاککردنی تۆڕی ئاو بە ئێمە دراوە، لە ئێستادا نزیکەی ٤٠٠ لیتر لەسەر سانیە کەمیی ئاومان لە شاری کرماشان هەیە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لەم ماوانەی دواییدا زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەو ڕوو بوونەتەوە، بە جۆرێک بەشی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ڕۆژانەیان لە ئاوی کانیاو و ڕووبارەکان کەلکیان وەر گرتوە.
کەمیی پاشەکەوتی ئاو، خراپبوونی هێڵی لوولەی ئاو و هەروەها گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ بەشەکانی تری ئێران لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەی کەمئاویی کوردستانن.
شایانی باسە، بە پێی ئەو هەواڵ، وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی کە بەدەستمان گەیشتوون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، بەشی زۆری شار و ناوچەکانی کوردستان لەگەڵ کەمی و پیسیی ئاو ڕوو بە ڕوون و خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داواکارن کێشەی ئاو کە یەکێک لە پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیانە چارەسەر بکرێ، بەڵام تا ئێستا هەوڵێک لە لایەن کاربەدەستانەوە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە نەدراوە.