“فائێزە هاشمی”، کچی هاشمی ڕەفسەنجانی، ڕەخنەیەکی توندی لە هەموو سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و گوتی: “سەردەمی بڕیاری تاکەکەسی بەسەر چووە.”
ناوبراو سەبارەت بەوەیکە سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی چ کاریگەرییەکی لە سەر ئابووریی ئێران داناوە ڕایگەیاند، “بە هۆی بوونی سەرچاوەی جۆراوجۆر لە ئێران، دەکرێ زۆربەی بەشەکان وەگەڕ بخرێتەوە تاکوو خەڵک پیشە و بەرهەمی خۆیان هەبێ، بەڵام ڕێژیم لەو بارەوە کەمتەرخەمە”. هەروەها باسی لەوە کرد کە “کێشەکانی ئێران تەنیا گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ڕێژیم نییە، بەڵکوو بەشدار نەبوونی کۆماری ئیسلامی لە “ئێف ئەی تی ئێف” زیاتر کاریگەریی لە سەر بلۆکە بوونی داراییەکانی وڵات لە دەرەوە کردوە.”
“فائێزە هاشمی” لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە وڵاتانی چین، هێند، تورکیە و ڕووسیە، نەوتی ئێران بە تاڵان دەبەن و بە جێگەی ئەوەیکە نرخەکەی بدەن، بەرهەم و کالاکانی خۆیان بە ئێمە دەفرۆشن و لە دوو لاوە قازانج دەکەن. ساڵانێکە کە ئێران بە دەستی کەسانێکی نەزان و نا بەڕێوەبەر و ناکارامە بەڕێوە دەچێ و هیچ لێزانییەکییان لە بواری بەڕێوەبەریی وڵاتدا نییە و ناکرێ کەسێک لە هەموو بوارەکاندا شارەزابێ.”
فائێزە هاشمی لە دریژەی قسەکانیدا بە توندی ڕخنەی لە سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی گرت و ئەو سیاسەتانەی بە هەڵە ناو برد.