مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران بەردەوام لە پەرەسەندن دایە.
ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی کرێکارانی ناوچەی ئابووری و پێترۆشیمی و هەروەها پاڵێوگەی پارسیان و پێترۆشیمی لامەرد و پاڵێوگەکانی ئابادان و پارسی باشووری کەنگان لە هەمبەر پێنەدانی هەقدەستەکانیان دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی “ایران کارگر” زمانحاڵی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران، مانگرتنێکی بەرین لە ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژەوە دەستی پێکردوە و ناڕازییان جەختیان لە سەر ئەوە کردوەتەوە تا پێنەدانی حەق و مافەکانیان واز لە مانگرتن ناهێنن.
کرێکارانی ناوچەی ئابووری و پێترۆشیمی لە باشووری ئێران لە کاتێکدا دەستیان داوەتە مانگرتنی سەرتاسەری و بەرین کە بە هۆی دۆخی خراپی ئابووری و دزی و گەندەڵی بەرپرسانی ڕێژیم و هەروەها گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و لانیکەم هەقدەستەکانیشیان پێنەدراوە.
لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژانە گەرم بوونی سەروو ٥٠ دەرەجەی هەوا هێز و توانای لە کرێکاران بڕیوە و لە وەها دۆخێک کە دەبێ سەعاتی کارکردنی کرێکاران لەو شوێنانە کەم بکرێتەوە، کرێکارانی پاڵێوگەکان و پێترۆشیمی بە درێژایی ڕۆژ خەریکی کار بوون و هەر بەو هۆیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرێکارێک بە هۆی پلەی گەرمیی هەوا لە کاتی کارکردندا لە کارگەیەکی “بەندری ماهشەهر” گیانی لەدەست دا.