ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، حاشاکردنی دادستێنی ئیسفەهانی بە بێبنەما دانا و گوتی: “حوکمی ئیعدامی ٥ کەس لە ناڕازییانی مانگی بەفرانبار پشتڕاست کراوەتەوە”.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، وێڕای بڵاوکردنەوەی بەڵگەی فەرمیی ٥ کەس لە ناڕازییانی مانگی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە حوکمی ئیعدامی ئەو پێنج کەسە لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە، هەروەها قسەی دادستێنی ئیسفەهان سەبارەت بە حوکمی ئەو پێنج کەسە کە گوتبووی حوکمەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە دوور لە ڕاستی و بێ بنەما دانا.
“مەحموود ئەمیری موقەدەم”، بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی نامەی تۆمەتباران جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە قسەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە بە بەڵگە بە ئەژمار نایەن و دوور لە ڕاستین، ڕوو بە ڕێکخراوە جیهانییەکانیش داوای کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئیعدامی ئەو پێنج کەسە لەگەڵیان هاودەنگ بن.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد تا ئەو کاتەی حوکمی ئیعدامی ئەوان هەڵنەوەشێتەوە ئەگەری لەسێدارەدانیان هەیە.
“مەهدی ساڵحی، محەممەد بەستامی، مەجید نەزەری کەندەری، هادی کیانی و عەباس محەممەدی”، دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی، لە خومەین شار دەسبەسەر و بە ئیعدام حوکم دران.