وتەبێژی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ئابووریی ئێرانمان داڕماندوە و ئەو ڕێژیمە ناچار بە پاشەکشە دەکەین.
“جێرالدین گریفیس″، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە وتووێژێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئەلعەرەبییە” سەبارەت بە کاردانەوەکانی ئەمریکا لە وڵامی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیە و چین بۆ قەدەغە کردنی گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەک لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕایگەیاند، “ماوەیەک پێش ئێستا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی ڕێکەوتنی ٢٢٣١ـی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کردەوە، بە ڕوونی دیارە ئەو ڕێژیمە دوای هێرش کردنە سەر عەرەبستان، بە ئاشکرایی چەکی بۆ دەرەوە دەنارد و ئێستاش لە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ دەرەوە هەر بەردەوامە، ئەوەش ڕێککەوتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکا. هەر بۆیە ئەمریکا لە هەوڵدایە کە گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر کۆماری ئیسلامی درێژتر بکاتەوە و ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی جیهانی بێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە پێویستە گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەک لە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێ”.
ئەو کاربەدەستەی ئەمریکا لە درێژەدا باسی لەوە کرد، “ئەمریکا هیچ پەلەیەکی نییە بۆ ئەوەیکە گەمارۆی چەک و تەقەمەنی لە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژتر بێتەوە، بەڵام ئەگەر گەمارۆکان لە سەر ئەو ڕێژیمە بەردەوام بن، ئەوە بە کەلکی کۆمەڵگەی جیهانی دێت و ئاسایش و سەقامگیری لە زۆربەی وڵاتاندا جێگیر دەبێ. هەروەها سەبارەت بە گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی ئەو ڕێژیمە ڕایگەیاند، لە ئێستادا دەبینین گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەتا ١٠٠ـی بووە و دەستی ئەو ڕێژیمەی لە زۆر بوارەوە کورت کردوەتەوە.












