تێکۆشەری دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، “عەبدوڵڵا کانی سیرانی” لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، “عەبدوڵڵا کانی سیرانی” خەڵکی بۆکان و پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی ڕۆژە سەختەکانی خەبات و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر، دڵە پڕ لە ئاواتەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک عەبدوڵڵا ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی پۆشی و چەکی شەرەف و بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی کردە شان و لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا پێشمەرگەیەکی ئازا، بوێر، چاونەترس، ژیر و زانا و خۆشەویستی خەڵک و هاوسەنگەرانی بوو.
کاک عەبدوڵڵا لە زۆربەی شەڕە بەناوبانگەکانی بۆکان و مەهاباددا وەکوو شەڕی “حوسێن ئاوا،تەرەغە، هەرمێڵە، بەردەهەڵۆ،حاجی کیمی، مێرگەنەخشینە” و گرتنی گوردانی نۆبار و دەیان حەماسەی دیکەدا بەشداری چالاکانەی هەبوو، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو و گرینگی هەبوو لە ساڵانی ٦٥و ٦٦ی هەتاویشدا وەکوو سەرپەلی دەستەیەک لە پێشمەرگەکان ئەرکە پێشمەرگانە و حیزبییەکانی بە باشی جێبەجێ دەکرد و لە دواییشدا وەکوو ئەندامی حیزب لە هەولێر خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بوو، بەڵام تا دوا هەناسەی وەفادار بە ڕێگە و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و ئاوات و ئامانجی ڕزگاری نیشتمان و نەتەوەکەی بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای بەداخبوونی خۆمان لە کۆچی دوایی کاک عەبدوڵڵا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.