ئەو زانیارییانەی لە مەڕ کۆرۆنا، لە ئێرانەوە کەوتوونەتە دەستی “بیبیسی”ـی فارسی، دەرخەری ئامار و ژمارەیەکی زۆر جیاوازتر لەوەن کە لە ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئەم وڵاتەدا بڵاو بوونەتەوە. ئەم زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە کەمژمێری لە ئاماری فەرمییدا بە ئەنقەست بووە، نەوەک ئەوەی کە ئاگادار نەبوو بێتن لە ڕێژەی دروستی تووشبوو و گیان لەدەست چووەکان.
بە پێی ئەم ئامار و داتایانە، کە لە نیوەی دووەمی مانگی ڕێبەندانەوە هەتا کۆتایی مانگی پووشپەڕ لە خۆ دەگرێ، ژماری ئەو کەسانەی کە بە هۆی نەخۆشیی کۆررۆناوە گیانیان لەدەست داوە، نزیک بە ٤٢ هەزار کەسە کە ئامارە فەرمییەکان باس لە یەک لەسەر سێی ئەم ژمارەیە لەو کاتەدا دەکا، واتە ١٤،٤٠٥ کەس.
لەم ئامارەدا کە بە نهێنی بە دەستی بیبیسیـی فارسی گەیشتوە، هەروەها ژماری تووشبووانیش لەگەڵ ئامارە فەرمییەکان لە دژایەتییەکی زەقدایە، بە جۆرێک کە لەو ماوەیەدا بە پێی ئامارە دەوڵەتییەکان ٢٧٨،٨٢٧ تووشبوو لە ئێراندا بووە، بەڵام بە پێی ئەم ئامارە ژماری توشبووان ٤٥١،٠٢٤ کەس بووە.
بیبیسیـی فارسی، ڕاستیی ئەم بەڵگانە دەسەلمێنێ و ئەمەش نیشان دەدا کە هەر لە سەرەتای بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکەوە دەوڵەت لە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان بوو.












