بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیسنا، بەڕێوەبەری پەرستاریی زانستگەی زانستە پزشکییەکانی “شەهید بەهەشتی” گوتی: “لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنادا لەگەڵ دوو قات بوونی گیرۆدەیی کادری پەرستاری بەرەو ڕووین؛ بە جۆرێک کە ڕێژەی تووشبوونی کادری پەرستاری لە نەخۆشخانەکانی سەر بە زانستگەی زانستە پزشکییەکانی “شەهید بەهەشتی” لە ٣.٦ـەوە بۆ ٧.٣٪ زیادی کردوە، ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا شەپۆلی دووەمی ئەم نەخۆشییە کۆتایی پێ نەهاتوە و هەر ئەم کێشەیەش نەخۆشخانەکانی بەرەو ڕووی کەمیی هێزی مرۆیی کردوە.”
شایانی باسە، تووشبوونی پزشک و کادرە دەرمانییەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کێشەی هەموو نەخۆشخانەکانی ئێران و کوردستانە، بەشی زۆری پزشک و پەرستارەکان ماندوو بوون و تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ کەمیی پێداویستییە تەندروستییەکان و کەلوپەلەکانی وەک جلوبەرگ و دەمامک و دەستەوانە (دەسکێش) لە کێشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکانن، لایەنی دەسەڵاتیش کەمتەرخەمە لە دابینکردنی داواکاری و پێویستییەکانی ئەو پزشک و پەرستارانە.