“موجتەبا زولنووری”، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پارلمانی ئێران، ڕایگەیاند کە تەقینەوەکەی نەتەنز نێوخۆیی بووە، بەڵام بۆمان نییە وردەکاری و هۆکارەکانی باس بکەین.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، زولنووری کە مامۆستایەکی ئایینییە و ساڵانێک ئەندامی سپای پاسداران بووە، هەر جۆرە هێرشێکی دەرەکیی بۆ سەر بنکەی نەتەنز ڕەت کردوەتەوە و گوتویەتی: “هۆکاری تەقینەوەکە لە نێوخۆ بووە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکەین، بۆیە ناتوانم هەموو وردەکارییەکانی باس بکەم”.
ئەوە لە کاتێکدایە، پێشتر “ئەرسەلان موتەهەری”، پارلمانتاری شاری گەرمسار لە پارلمان گوتبووی کە هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوە. ناوبراو لە تویتێکدا نووسیبووی: “ماوەیەکە لایەنێکی دەرەکی، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند هێرشێکی کردوە و بەرپرسیارەتیی کارەکانیشی ناگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی لە تۆڵەی توندی ئێمە، خۆی بپارێزێ. بەڵام لە کاتێکی گونجاودا تۆڵەی سەخت دەکەینەوە و بەرپرسیارەتییەکەشی دەگرینە ئەستۆ.”
دەوترێ پاش تەقینەوەکەی نەتەنز ئەم بنکەیە کە تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزەی ناوکییە، گوستراوەتەوە بۆ ژێرزەوی.
نزیکەی مانگێک لەمەو پێش تەقینەوەیەکی گەورە لە یەکێک لە دامەزراوەکانی وزەی ناوکیی ئێران لە نەتەنزی سەر بە پارێزگای ئیسفەهان ڕووی دا کە تێیدا پیتاندنی ئۆرانیۆم بەرهەم دێ.
جێی ئاماژەیە قەبووڵکردنی هێرشی دەرەکی لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، ئەرکەکانی تۆڵە کردنەوە بۆ ئێران زیاتر دەکا و، لەم دۆخەشدا ئێران نیشانی داوە کە توانا و ئیرادەی وەها کارێکی نییە و ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێ هۆکاری تەقینەوەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ نێوخۆی وڵات.