گرووپی “زاگرۆس″ـی شاری نەغەدە بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی سێ شەهیدی ژینگە پارێز، چالاکییەکی شاخەوانیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی، ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی بەشێک لە ئەندامانی گرووپی “زاگرۆس″ـی شاری نەغەدە بۆ ڕێز گرتن لە سێ شەهیدی ئەنجومەنی “ژیوای”ـی پاوە بە هەڵگرتنی وێنە و دروشمی تایبەت بەو شەهیدانە بە سەر شەش لووتکەی بەرزی کوردستان بە ناوەکانی “داڵان پەڕ”، “بۆزی سینا”، “کۆڕی ڕەزەوان”، “بابۆڵە”، “کێوه زەرد” و “ڕەندۆڵه”دا سەرکەوتن.
جێی بیر هێنانەوەیە، ڕۆژی ٨ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی سێ ژینگەپارێزی ئەنجومەنی “ژیوای”ی پاوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی “بووزین و مەرەخێڵ”ـدا بە ناوەکانی “موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی” لە ئاگردا سووتان و گیانیان لە دەست دا.
دوای تێپەڕینی ماوەیەک بە سەر گیان لە دەست دانی ئەو ژینگەپارێزانە یاد و بیرەوەرییان لە نێو خەڵکدا هەر زیندووە و، کەسانی دڵسۆزی نیشتمان و ئەنجومەن و ڕێکخراوە خەڵکییەکان هەر یەک بە جۆرێک یاد و ناویان بەرز ڕا دەگرێ.