وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زیاتر کردنی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە لەسەر پیشەسازی قورسی ئێران و هەناردەی چەند جۆرە ئاسنێک بۆ ئەو وڵاتەی پشتڕاست کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە بەرنامەی ناوکی، سەربازی و مووشەکی بالستیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
“مایک پۆمپێئۆ” باسی لەوە کرد بۆ لابردنی ئەو هەڕەشانە، گەمارۆی پێوەندیدار بە پیشەسازیی ئاسنی ئێران زیاتر دەکەین. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ٢٣ جۆر مادەی دەستنیشان کردوە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرنامەی ناوکی، سەربازی و مووشەکی بالستیک کەلکیان لێوەردەگرێت.
بە گووتەی پۆمپێئۆ ئەو کەسانەی کە ئەو مادانە بۆ ئێران دەگوازنەوە، بە پێی بەندی ١٢٤٥ی یاسای ئازادی و ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی چەکە ناوکییەکان سزا دەدرێن. پۆمپێئۆ جەختی لەوە کردەوە بە پێی ئەو خاڵە یاساییە، سپای پاسداران کۆنتڕۆڵی بەشی بیناسازی ئێرانی لەدەست دایە و کۆمپانیا بیناسازییەکانی سپای پاسداران و زۆربەی کۆمپانیاکانیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆیان خراوەتە سەر ئەوەش بە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداربوونە لە دروستکردنی ناوەندی پیتاندنی ئۆرانیۆمی فۆردۆ.












