میلیشیاکانی حیزبوڵڵای عێراق “مستەفا کازمی” بە شەریکی ئەمریکا دەزانن لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لێدەکەن.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئەلعەرەبییە”، ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی “ئەبووعەلی عەسکەری” یەکێک لە فەرماندەکانی میلیشیاکانی حیزبوڵڵای عێراق لە تویتێکدا مستەفا کازمی بە شەریکی ئەمریکا زانی لە کوشتنی”قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندتس″ـدا و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە ناوبراو و هەروەها لە ئەمریکا کرد.
شایانی باسە کە “مستەفا کازمی” سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کەسێکی نزیک لە ئەمریکا دەزانرێ کە هەوڵی چەکداماڵین و هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدا، هەر بۆیە حەشدی شەعبی و بە تایبەت حیزبوڵڵای عێراق دژایەتیی ناوبراو دەکەن و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمریکا لە عێراق و هەڕەشەی دەرکردن و کوشتنیان لێ دەکەن.












