کارناسانی رێکخراوی مافی مرۆڤی نهتهوه یهکگرتووهکان داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن کۆتایی بە سەرکوتی رۆژنامەنووسان بێنێ.
لێکۆڵەرانو کارناسان لە رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کۆتایی بە گرتن، ترساندنو دادگایی کردنی رۆژنامەنووسانو چالاکانی مەدەنی لەو وڵاتە بێننو، ئێستا کە بەرەو هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دەچن، رۆژنامەنووسانی بەندکراو ئازاد بکەن.
کارناسان و لێکۆڵەرانی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو داوایەیان بە دوای شەپۆلی نوێی گیرانی رۆژنامەنووسان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بڵاو کردەوە. ئەو شەپۆلە پێشتر لە کوردستانەوە بە گیرانی حەسەن شێخ ئاقایی، خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕی روانگە؛ داگیرکردنی ئەو ماڵپەڕەو فیلتێری ماڵپەڕی هەواڵدەریی موکریان دەستی پێ کردبوو. دواتر بە گیرانی عیسا سەحەرخیز، ئیحسان مازەندەرانی، ئافەرین چیت ساز و سامان سەفەرزایی درێژەی کێشا. هاوکات دەگوترێ کە زیاتر لە ٢٠ رۆژنامەنووس لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کراون.
ئەحمەد شەهید رێپۆرتەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێرشەی سپای پاسدارانو دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر رۆژنامەنووسان بە خولی نوێی سەرکوتی ئازادیی راگەیاندن و راگەیەنەرەکان پێناسە کردوە.
رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە خاکەلێوەی ئەمساڵ دا رایگەیاند کە ئێران بە زیندانی کردنی ٤٦ رۆژنامەنووس یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاترین رۆژنامەنووسانی تێدا بەندکراوە. ئێران بە دۆزەخی رۆژنامەنووسان بە ناوبانگە.