بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سنووری “عەمووخانزاد”ی چاڵدێران کۆڵبەرێک بە ناوی “ڕەزا پوورئیسماعیل” خەڵکی “خەزەرلوو”، گیانی لەدەست دا.
جێی بیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پینجشەممە ٩ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، لە کوێستانەکانی “ملە قەندی” شاری نەوسوود هێزە چەکدارەکان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردبوو کە بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “وەزیر محەممەدی” تەمەن ٢٩ ساڵ گیانی لەدەست دابوو.
شایانی باسە، کۆڵبەری یەکێک لە ڕێگە ناچارییەکان بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کۆڵبەران بۆ پەیدا کردنی پاروویەک نان هەموو سەختییەکان دەبڕن و لەو رێگەیەشدا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕاوەدوونیان و بەربوونەوە لە بەرزاییەکان گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.