ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی چوار نامەی لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەست کەوتوە، کە بە بنەما گرتنی ئەم نامانە دەڵێ لە کاتی بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران کاربەدەستانی دەزگای دادی ڕێژیم دۆخی مەترسیدار و نامرۆڤانەی زیندانییەکانیان شاردۆتەوە و، لە مەڕ دۆخی بێبەزەییانەی زیندانییەکانەوە زانیاریی هەڵەیان بڵاو کردوەتەوە.
بە پێی دەقی ئەم نامانە کە کەوتوەتە دەستی ئەم ڕێکخراوەیە، کاربەدەستانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوار نامەی جیاجیادا بۆ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئەم وڵاتە، هۆشداریی ئەوەیان داوە کە بۆ بەرەو ڕوو بوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا لە شوێنە مەترسییدار و قەرەباڵغەکانی زینداندا پێداویستیی پێویست و تەواویان نییە. وا دیارە ئەم وەزارەتە هیچ کام لەم نامانەی وڵام نەداوەتەوە.
لەم نامانەدا کە ڕۆژی هەینی ۱۰ی گەلاوێژی ۹۹، لە لایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییەوە بڵاو بۆتەوە، نیشان دەدا بەرپرسانی زیندانەکان لە نەبوونی پێداویستیی تەندروستی و کەرەستەی پاکژکردنەوە هۆشدارییان بە وەزارەتی تەندروستی داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وتەی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە زیندانەکانی ئێران لە سۆنگەی بڵاو بوونەوەی کۆرۆناوە بە “شێوەیەکی کارەساتبار” لە بێئیمکاناتییدا بەسەر دەبەن.
ئەم ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا هێناویەتی وردەکاریی نامەکان نیشان لەوە دەدەن، لە نێوان ڕاستیی ڕووداوەکان و وتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەوە جیاوازییەکی زۆر هەیە.












