لە پارێزگای ورمێ، شاری مەهاباد بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی ژماری دانیشتووانی، زۆرترین ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدانی بە هۆی کۆرۆناوە هەیە.
جێگری بنکەی زانستگەیی بەربەرەکانی لەگەڵ کۆرۆنا لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندوە، بە زیادبوونی ٧ کەسی تر بە ئاماری ئەو کەسانەی بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە، ژمارەی گیان لەدەستدان لەو پارێزگایە گەیشتوەتە ٧٤٤ کەس.
هەروەها بە گوتەی ناوبراو هەر یەکە لە شارەکانی، مەهاباد، خۆی، تیکاب، بۆکان و پیرانشار یەک لە دوای یەک زۆرترین ئاماری گیان لەدەست دانیان بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانیان هەیە.
جێی ئاماژەیە، کەمیی خزمەتگوزارییە پزشکی و دەرمانییەکان و کەمتەرخەمیی دەسەڵات لە شارەکانی کوردستان بۆ پێشگرتن لە ڤایرۆسەکە بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی بە شێوەیەکی بەربڵاو و ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەست دان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، زۆربەی نەخۆشخانەکانی کوردستان لەگەڵ کەمیی دەرمان و پەرستار و کەلوپەلی پێشگیری لەگەڵ کۆرۆنا بەرەو ڕوون، بە جۆرێک کە نەخۆشخانەکان توانای وەرگرتنی نەخۆشەکانیان نەماوە و پزشک و پەرستارەکانیش ماندوون و بە هۆی نەبوونی کەلوپەلە تەندروستییەکان بەشی زۆریان تووشی کۆرۆنا بوون. لە تازەترین ئاماردا بەڕێوەبەری ناوەندی بێهداشتی پیرانشار، باسی لە تووشبوونی ٤٤ کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی ئەو شارە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردوە.