لە درێژەی سووتانی دارستانەکانی کوردستان، بۆ جارێکی تر بەشێکی تر لە کێوی جنێرەی بانە لە ئاگردا سووتا.
بە پێی هەواڵی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “پاژین” لە بانە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، بۆ جارێکی تر لە دیوی کانی مەلاحەمەوە، بە دەستی کەسانی نەناسراو ئاگر بەردرایە کێوی جنێرە و ڕووبەرێکی زۆر پووش و پاوان و لەوەڕگە بوو بە سووتمانی ئاگر.
جێی ئاماژەیە ئەم ئاگرەش بە هیممەتی خەڵکی خۆ بەخش و ئەندامانی کومیتەی قەیرانی ئەنجومەنی پاژین کۆنترۆڵ کرا.
شایانی باسە سووتانی دارستانەکانی کوردستان بە شێوەی بەردەوام و سیستماتیک بەڕێوە دەچێ و هەر ڕۆژە بەشێکی جەستەی نیشتمان لە ئاگردا دەسووتێ، ئەو ئاگرانەش تەنیا لە لایەن کەسانی خۆ بەخش و نیشتماندۆست و ئەندامانی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان بە دەستی بە تاڵەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و، لایەنی دەسەڵاتیش نەک هیچ هەوڵێکی بۆ پێشگرتن بەو کارەساتانە نەداوە بەڵکوو خۆشیان بەشێکی سەرەکیین لە ئاگر دانی دارستانەکانی کوردستان.