دیوانی غەزەلیاتی نالی بە خەتی مامۆستای کۆچکردووی سەقزی “محەممەد پووریان”، مامۆستای خۆشنووسی چاپ و بڵاو بۆوە.
نووسینی ئەم بەرهەمە لە ساڵی ٨٩ی هەتاوییەوە دەستی پێکرا و لە دوای چوار ساڵ ماندوو بوونی ئەم مامۆستایە کۆتایی پێ هات. دیزاینی کتێبەکە لە ئەستۆی شارام شەمسی بووە و دەزگای چاپەمەنیی ئاڵای ڕووناکی لە سنە چاپ و بڵاوی کردوەتەوە.
جێی ئاماژەیە ئەدیبان و کارناسانی بواری شێعر لەو باوەڕەدان مامۆستا نالی، حافزی کوردە و؛ کتێبخانەی کوردی پێویستی بە دیوانێکی ئەم شاعیرە هەست ناسکە بە خەتی نەستەعلیق هەبوو، کە ئەم کارە گەورەیە لە لایەن هونەرمەندی خۆشناو و خۆشنووس، مامۆستا پووریانەوە بە ئەنجام گەیەندرا.
ئەم مامۆستایە لە ساڵی ٦٦ـی هەتاوییدا ئەنجومەنی خۆشنووسیی سەقزی دامەزراند و بێجگە لە دەیان کاری هونەری کە لەم هونەرمەندە بە یادگار بەجێ ماوە، کەسانێکی زۆریشی فێری ئەم هونەرە کردوە کە توانیویانە هەتا ئاستی مامۆستایەتی لە بواری خۆشنووسییدا هەڵکشێن.
مامۆستا محەممەد پووریان پاش چوار دەیە چالاکیی هونەری، لە ڕێبەندانی ٩٨ـدا کۆچی دوایی کرد.