کاسبکارێک بە ناوی “وەزیرمحەممەدی” لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان سەر لە بەیانی ڕۆژی پینجشەممە ٩ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، چەکدارەکانی سپای پاسداران لە کوێستانەکانی “ملە قەندی” شاری نەوسوود تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردوە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی “وەزیر محەممەدی” تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی حەشمیر سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی کە باوکی دوو منداڵە گیانی لەدەست داوە.
بە پێی ئەو وێنە و هەواڵانەی لە سەر گیان لەدەست دانی ناوبراو بڵاو بوەتەوە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەیان لە سەری کردوە و کوشتوویانە.
جێگەی ئاماژەیە ڕۆژ نییە لە سنوورەکانی کوردستاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کەس یان کەسانێک لە پێناو پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیاندا گیان لەدەست نەدەن، لە حاڵێکدا بە میلیارد دۆلار ڕۆژانە لە ئێراندا لە لایەن بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیمەوە دەدزرێ و لە بواری تردا خەرج دەکرێ.