بە پێی نوێترین ڕاپۆرتی ئاماری تورکیە، هەشت بەرابەر هاوردەکردنی کالای ئێرانی بۆ ئەم وڵاتە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ کاتی هاوشێوەی لە ساڵی ڕابردوودا کەمی کردوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، تورکیە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵدا، هەر بایی ٤٦٨ میلیۆن دۆلار هاوردەی لە ئێران هەبووە، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە لە شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ڕابردوودا ٣.٧ میلیارد دۆلار بووە.
تورکیە لە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردوو کڕینی نەوتی لە ئێران ڕاگرت، بەڵام بە پێی ئامارەکان هاوردە کردنی کالا و کەلوپەلی غەیرەنەوتیی ئێرانی بۆ تورکیە بە تەواوی کەمی کردوە. بەشێک لەو هاوردانە پێوەندیی بە گازەوە هەیە. تورکیە لە سێ مانگی دووهەمی ئەمساڵدا گازی لە ئێرانەوە هاوردە نەکردوە.
کۆتاییەکانی مانگی مارس لوولەی هێڵی گواستنەوەی گازی ئێران لە خاکی تورکیە تەقێندرایەوە و بۆ ماوەی سێ مانگ چاک نەکرایەوە. ئێران لەم دواییانەدا ڕایگەیاند دەستی بە فرۆشتنی گاز بە تورکیە کردوەتەوە.
لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هەناردەی تورکیە بۆ ئێران زیاتر لە ٨٤٣ میلیۆن دۆلار بووە، کە بە بەراورد لەگەڵ خولی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ٤٠ لەسەد کەمی کردوە.
جێی ئاماژەیە، ئەمە بۆ یەکەمین جارە کە هاوسەنگی (تراز)ی بازرگانیی ئێران لەگەڵ تورکیە نەرێنی و لە زیانی تاراندایە.
لە ئامارە ڕەسمییەکانی چین، هێند، ژاپۆن، ڕووسیە و کۆرەی باشووریش وا دەردەکەوێ کە هاوسەنگیی بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئەم وڵاتەنە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵی زایینییدا نەرێنی و لە زیانی ئێراندا بووە.












