ئاڵۆزی و شەڕ لە نێوان زیندانییانی بەندی ١ و ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕووی دا و، بەو هۆیەوە لانیکەم ١١ زیندانی بریندار بوون، دۆخی ئەو زیندانە تا ئێستاش نائارامە و لە لایەن پاسەوانانی زیندانەوە چاودێری دەکرێن.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٧ـی گەلاوێژ و بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٨ـی گەلاوێژ، دوو جار ئاڵۆزی و کێشە لە نێوان زیندانییانی ئەو زیندانە ڕووی داوە. لەو تێکهەڵچوونەی نێوان زیندانییەکان، بە هۆی بەکارهێنانی ئامرازی بڕین، لانیکەم ١١ زیندانی بریندار بوون و پاسەوانی بەندیخانە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەستیان کردوە بە لێدانی زیندانییەکان.
هەر بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە، لەگەڵ ئاگادار کردنەوی پزشکی نەخۆشخانە بۆ چارەسەری برینی یەکێک لە زیندانییەکان کە دەستی بڕابوو و برینەکەی سەخت بوو و پێویست بوو ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێ، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگەی چوونە دەرەویان پێ نەدابوو. بەڵام سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە زیندانییەک بە ناوی “یاسین خەلیفە”، بە هۆی سەختیی برینەکەی و خوێنڕێژیی زۆر، ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە و چەندین زیندانیی تریش لە بەشی تەندروستیی زیندان خەوێندراون.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو ناوەندە ئەو ئاڵۆزییە بە هۆی زیندانییەک ڕووی داوە کە تازە ڕەوانەی زیندان کراوە.
جێی ئاماژەیە، نزیکەی ٩٠٠ زیندانی لە بەندی ١ و ٢ی ئەو زیندانەدا ڕاگیراون، کە زۆربەیان ئەوانەن کە بە تاوانی مادەی هۆشبەر لەوێدان، بەڵام چەند زیندانییەکی سیاسییش هەر لەو بەندانە لەگەڵ ئەوان ڕاگیراون.
شایانی باسە، دۆخی خراپی زیندانەکان و پێڕانەگەیشتن پێیان بەردەوام ئاڵۆزی لە زیندانەکاندا دروست دەکا، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بە هۆی بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا و نەبوونی چارەسەری پزشکی لە زیندانەکاندا ،چەندین ئاڵۆزی و تێکهەڵچوون لە بەندیخانەکانی ئێراندا ڕوویان دا.