بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتوە، سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٨ـی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، لە ڕێگەی بۆکان-میاندوواو و لە نێوان ئاوایی “داشبەند و مەڵڵالەر”، بە هۆی پێکدادانی کامیۆنێک و ماشینێکی سەمەند، ٤ کەسی یەک بنەماڵە کە خەڵکی ئاوایی “داشبەند”ی سەر بە ناوچەی بۆکان بوون، بە ناوەکانی “کەیوان ڕەسووڵپوور” و هاوژینەکەی “فاتمە” و هەروەها دوو لە منداڵەکانیان بە ناوەکانی “سۆهەیل و سەمیرا” گیانیان لە دەست دا و شۆفێری ماشینەکەش بە سەختی بریندار بووە.
جێی ئاماژەیە ئەندامێکی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی “کاوە ڕەسووڵپوور” پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە کە لە سەردەمی خەباتی چەکدارانەدا شەهید بووە.
جێی بیر هێنانەوەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی هاوشێوە لە جاددە و ڕێگەکانی شارەکانی کوردستان ڕوویان داوە و، بە هۆیەوە چەند کەس گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون.
شایانی باسە، ناستانداردبوون و خراپیی ڕێگە و بانەکانی شارەکانی کوردستان، نەبوونی نیشانەکانی هاتوچۆ و هێندێک جاریش پێبەند نەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان بەردەوام کارەساتی لێدەکەوێتەوە، بە پێی زانیارییەکان ڕێگەکانی کوردستان ئەوەندە خراپن کە بەردەوام خەڵک لەم پێوەندییەدا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و لە چاوەڕێی چاک کردنیان دان، بەڵام کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی پێوەندیدار و گەندەڵی دام و دەزگا حکوومییەکان و قەول و بەڵێنە بێبنەماکانی کاربەدەستان وای کردوە کێشەکان بە چارەسەر نەکراوی بمێننەوە.