ڕێکخراوی ئەوقاف لە ئێران هەر ٢٦ خولەک بەڵگەیەکی خاوەنداریەتی “سند مالکیت”ـی شوێنێک بۆ خۆیان تاپۆ دەکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانێکی ئێرانی بە ناوی “عەلی ڕەنجی پوور” کە لە “ئێران وایێر”دا بڵاو بۆتەوە ڕێکخراوی ئەوقاف کە چاودێری و هەڵبژاردنیان ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕیبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەیە، لەژێر ناوی کاروباری ئایینییدا هەر ٢٦ خولەک جارێ شوێنێک لە ئێران بە ناوی ڕێکخراوەکەیانەوە کە لە ڕاستییدا بە ناوی خامنەییەوەیە تاپۆ دەکەن و، لە تازەترین تاپۆکردنیشیاندا کە دەمەقاڵەی هەندێک نوێنەرانی مەجلیس و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم و ژینگەپارێزانی ئێرانی و خەڵکی لێکەوتەوە، بەشێک لە خاکی کێوی دەماوەند و دارستانی ” ئاق مەشهەد”یان بە ناوی ئەو ڕێکخراوە تاپۆ کردوە.
شایانی باسە کە ئەو ڕێکخراوە یەکێک لە گەندەڵترین و دەوڵەمەندترین ئۆرگانەکانی ڕێژیمە کە هیچ چاودێرییەک بە سەریدا نییە و ساڵانەش زیاتر لە ٢٣٠ میلیارد تمەن بوودجەی بۆ تەرخان دەکرێ و، دیار نییە کە داهاتەکانیشی چەندەیە و هیچ پارەیەکیش بۆ خەزانەی حکوومەتی ناگێڕێتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەیان ڕێکخراو و ئۆرگانی مەزهەبی و ئایینیی پێک هێناوە کە بوودجەیەکی ساڵانەی زەبەلاح لە سەروەت و سامانی ئێران دەبەن و خەڵکی ئێرانیش لە قەیرانی بێکاری و هەژاری و برسیەتییدا دەژین.