هێزەکانی ئەمریکا دوو بنکەی نزیک مانۆڕی سەربازی سپای پاسدارانیان چۆڵ کرد.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی مانۆڕە سەربازی و نیزامییەکانی خۆیدا ئەم جارە ماکێتێکی یەکێک لە کەشتییەکانی ئەمریکای لە ئاوەکانی کەنداوی فارس داوەتە بەر هێرشی مووشەکی، هێزەکانی ئەمریکا کە لە دوو بنکەی قەتەر و ئەبووزەبی بوونە بە تەواوەتی چوونەتە حاڵەتی ئامادە باشەوە و بنکەکانیان چۆڵ کردوە.
ئەرتەشی ئەمریکا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە کە هێزەکانی ئەمریکا دوای ئاگادار بوونەوە لەو مانۆڕە نیزامییەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت، هاویشتنی مووشەکی بالستیک لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە، بە تەواوەتی بنکەکانیان لە ناوچەی ئەلزەفرەی ئەبووزەبی و بنکەی هەوایی ئەلعەدیدیان لە قەتەر چۆڵ کردوە و ڕۆیشتوونەتە پەناگەوە.
لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە سەدان کیلۆمیتر لە شوێنی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکەوە دوور بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو مانۆڕەیان بە مەترسی بۆ سەر خۆیان زانی.
شایانی باسە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ماکێتێکی لە کەشتییەکی شەڕکەری ئەمریکایی بە ناوی نیمیتز دروست کردوە و بۆ مانۆڕ لێدان لە ناوچەکە و تاقیکردنەوەی مووشەکەکانیان، هێرشیان کردوەتە سەر ئەو ماکێتە دروست کراوە، بەڵام پاش خەسارکردنی چەند مووشەکێک توانیان ماکێتەکەش بپێکن.












