پچڕانی بەردەوامی برق لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانیی لای خەڵک دروست کردوە.
لە تازەترین هەواڵدا خەڵکی شاری مەهاباد و بە تایبەت خەڵکی “گوێگتەپە” ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرامبەر پچڕانی بەردەوامی برق دەربڕیوە و بە توندی ڕەخنەیان لە ئیدارەی برقی ئەو شارە گرتوە.
بە پێی هەواڵە بڵاو کراوەکان ماوەی دوو حەوتوویە برقی شاری مەهاباد بۆ چەند سەعاتێک دەپچڕێ و بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارەی برقیش پێشوەختە خەڵک لە پچڕانی برق ئاگادار ناکاتەوە.
لەگەڵ پچڕانی برق لەو شارە، ئاوی ماڵەکانیش دەپچڕێ و بووەتە هۆی دروست بوونی کێشەیەکی گەوەرە بە تایبەت لە دۆخی کۆرۆنایی ئێستادا و، لە لایەکی تریش پچڕانی بەردەوامی برق، زەرەر و زیانێکی زۆری بە کەلوپەلی برقی گەیاندوە و بەو هۆیەوە زۆرێک لە ئامێری برقیی ماڵەکان سووتاون. بە گوتەی خەڵکی ئەو شارە هیچ لایەنێکی بەرپرس تا ئێستا هەوڵێکیان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە نەداوە.
جێی ئاماژەیە پچڕانی برق تەنیا لە شاری مەهاباد نییە و لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا شارەکانی سەقز و کرماشانیش لەگەڵ ئەم کێشەیە ڕوو بە ڕوو بوونەوە.