“ئەیوب فەرامەرزی” جێگری بەرپرسی ئابووری و حیساباتی ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند: ” بەرز بوونەوەی نرخی ٤٧٥ کاڵا بە لە بەرچاو گرتنی ڕێژەی هەڵاوسان، بە خێرایی ٢٦ لەسەد، ئێران دەخاتە ڕیزی چوار وڵاتی پڕ هەڵاوسانی جیهانەوە.
جێی ئاماژەیە، حەوتووی ڕابردوو ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند بوو کە ڕێژەی هەڵاوسانی نەختینەیی لە پووشپەڕی ئەمساڵدا گەیشتوەتە ٢٦/٩ لەسەد. بەم پێیە دەتوانین بڵێن خێزانە ئێرانییەکان بە شێوەی نێونجیی ٢٦/٩ لەسەد زیاتر لە پووشپەڕی ٩٨ بۆ کڕینی “کۆمەڵێک شتومەک و خزمەتگوزاریی یەکسان” تێچوویان داوە.
ئەیووب فەرامەرزی، جێگری ئابووری و حیساباتی ناوەندی ئامار لە درێژەی قسەکانیدا لە بەرنامەیەکی تلەڤیزیۆنییدا هەروەها گوتی گوتی: “لە ئێستادا نرخی ٤٧٥ کاڵا بە لە بەرچاو گرتنی ڕێژەی هەڵاوسان، بە خێرایی ٢٦ لەسەد بەرەو سەر دەچێ، کە ئەم ژمارەیە ئێران دەخاتە ڕیزی چوار وڵاتی پڕ هەڵاوسانی جیهان و ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە. لەم مانگەدا بە هۆی بەرز و نزمیی جۆراوجۆر، ڕێژەی هەڵاوسان مانگانە گەیشتوەتە ٦.٤ لەسەد و، لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم ڕەوتەدا، ئەم ژمارەیە هەتا کۆتایی ساڵ دەکرێ زۆر گەورەتریش ببێتەوە.”