تەقینەوەی پارکینگی ماشینە بارهەڵگرەکان لە گەڕەکی “دەوڵەت ئاوا”ی کرماشان، بووە هۆی زیانێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە و چوار کەسیش بەو هۆیەوە زیانی گیانییان بەر کەوتوە.
ڕۆژی سێشەممە ٧ـی گەلاوێژی ٩٩، لە گەڕەکی “دەوڵەت ئاوای” شاری کرماشان ئاگر لە یەکێک لە پارکینگەکانی ئەو شارە کەوتەوە و لەم پێوەندییەدا “فەزلوڵڵا ڕەنجبەر” فەرمانداری کرماشان گوتوویەتی، ئەم ئاگر کەوتنەوەیە سەرەتا لە تانکێرێکەوە دەستی پێکردوە و دواتر پەرەی سەندوە، هەر بەم هۆیەوە چەند ماشین لە ئاگردا سووتاون.
شایانی باسە، ئەو ئاگر کەوتنەوەیە لە کاتێکدایە کە لە ماوەکانی پێشووشدا چەندین تەقینەوەی ئەم تانکێرە سووتەمەنی هەڵگرانە لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەت سنە و کرماشان ڕوویان داوە، تەقینەوە جۆراو جۆرەکان کە زەرەر و زیانێکی گیانی و ماددی و هەروەها پیس بوونی ژینگەی لێ کەوتوەتەوە.
ئەم تەقینەوە بەردەوامانە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵک ڕوو بە ڕوو بووەتەوە و، خەڵک خوازیاری ئەوەن ڕێگە و بانێکی تایبەت بۆ هاتوچۆی ئەم ماشینە گەورانە کە هەڵگری باری مەترسییدارن دابین بکرێ.
جێی ئاماژەیە ئەم تانکێرە گەورانە جیا لەوەی زیان گیانی و ماڵی بە هۆی تەقینەوەیان بە خەڵکی دەگەیەنن، پیس بوونی ژینگە و هەروەها خراپ بوونی جاددە و ڕێگە و بانەکانی لێ کەوتوەتەوە، لەم پێوەندییەشدا هیچ کام لە بەرپرسانی حکوومەتی خەمێک لە چارەسەری ئەم کێشانە ناخۆن و، بەرنامەیەکی ڕێکوپێکیان بۆ پێشگیری لە ڕووداوی لەم چەشنە نییە.