کۆمەڵێک لە کارناسان و لێکۆڵەرانی ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر ئەو بڕوایەن کە لەم قۆناغە هەستیارەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشە سەرەکییەکەیە، نەک حیزبوڵڵای لوبنان.
کۆمەڵێک لە کارناسان و لێکۆڵەرانی ئاسایشی ئیسڕائیل لەسەر ئەو بڕوایەن کە لەم قۆناغە هەستیارەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کێشەیەکی جیددییە و ئیسڕائیل ئەو ڕێژیمەی کردوەتە ئامانجی خۆی، حیزبوڵڵای لوبنان تەنیا ئامرازێکی دەستی کۆماری ئیسلامییە کە کاری ئاژاوە نانەوە و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەو گرووپە تێرۆریستییەوە دەیهەوێ سەرنجی ئیسڕائیل لە سەر خۆی کەم کاتەوە.
ئەو کارناسە ئیسڕائیلییانە لە سەر ئەو بڕوایەن کە لە ئیستادا پێویستە ئیسڕائیل هەموو سەرنجی خۆی بخاتە سەر ئەو ڕێژیمە و بە هەر شێوەیەک کە بۆی دەکرێ زەرەر و زیان بەو ڕێژیمە بگەیەنێ و، لە هەموو بوارێکەوە لاوازی بکا تاکوو نەتوانێ دەستی بە چەکی پێشکەوتوو و توانایی دیکە ڕا بگا و مەترسییەکانی کەمتر بێتەوە.
ئەو لێکدانەوە و شیکردنەوەیەی کارناسانی ئیسڕائیل دوای ئەوە بوو کە زۆربەی ڕاگەیاندنەکان ڕخنەیان لە ئیسڕائیل گرت کە بۆچی دوێنێ دووشەممە، لە و دەرفەتە کەلکی وەرنەگرت تاکوو هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا و زەربەیەکی کوشندە لەو گرووپە تێرۆریستییە بدا؟
هەر بۆیە کارناسان و لێکۆڵەران لەو بارەوە ڕایانگەیاند کە هەوڵی دەوڵەتی ئیسڕائیل ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لاواز بکا و گرینگی بە کردەوەکانی حیزبوڵڵا نادا.
جێگای ئاماژەیە کە بەشێکی دیکەش لە شرۆڤەکارانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەوڵەتی ئیسڕائیل ڕێکارێکی باشی گرتوەتە بەر و هەموو توانای خۆی بۆ لاواز کردنی کۆماری ئیسلامی بەکار دێنێ و تیشکی خستوەتە سەر کار و چالاکییەکانی ئەو ڕێژیمە. هەر لەو پێوەندییەدا، وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵاوە یان بۆ خۆی بیهەوێ کردەوەیەک بە دژی ئیسڕائیل ئەنجام بدا، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە لایەن ئیسڕائیلەوە وڵام دەدرێتەوە.












