هێزێکی زۆری ڕێژیم بە چەکی قورس و نیوە قورسەوە بەرەو کێوەکانی چلچەمە و نەرگسەڵە لە ناوچەی دیواندەرە و سەقز ڕەوانە کراون وهێڵی ئینتێرنێت و مۆبایل لەو ناوچانە بڕاوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی هێزێکی زۆر و پۆشتە و پەرداخی ڕێژیم بە چەک و چۆڵێکی زۆرەوە بەرەو کێوەکانی چلچەمە و نەرگسەڵە لە ناوچەی دیواندەرە و سەقز بەڕێکەوتوون و هێڵی ئینتێرنێت و مۆبایلی ئەو ناوچانە پچراوە.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جموجۆڵێکی زۆری هێزەکانی بەرەو ناوچە شاخاوییەکان و ستراتێژیکەکان دەست پێکردوە و بەردەوام لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هێزو چەک و چۆڵی زیاتر ڕەوانەی کودستان و بە تایبەت سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور دەکا کە نیشانەی ترس و دڵەڕاوکێی ئەو ڕێژیمەیە لە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەکدارانی سپای پاسداران ڕووی داوە و چەندین کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.