لە لایەک خۆپێشاندان و لە لایەکی ترەوە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکایی و حەشدی شەعبی لە عێراق بەردەوامە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە خۆپیشاندان لە شارەکانی نەجەف و بەغدا بەردەوام بوو، بە هۆیەوە خۆپیشاندەرێک کوژرا و چەند خۆپیشاندەری دیکەش بریندار بوون. لە ماوەی دوو ڕۆژدا ژمارەی کوژراوان بوو بە دوو کەس و دەیان کەسیش بریندارن و ئاڵۆزییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەستێنێ.
لە لایەکی دیکەشەوە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی “ئەلتاجی” لە باکووری بەغدا کە هێزەکانی ئەمریکایی و هاوپەیمانانی لێ جێگیرە و هەروەها بنکەی “سپایکێر” کە بنکەیەکی عێراقییە.
شایانی باسە کە چەند ڕۆژ پێشتر هێرش کرایە سەر بنکەی “ئەلسەقەر” کە دەگوترێ بنکەی چەکدارانی حەشدی شەعبی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هەر بۆیە دۆخی عێراق هەتا دێ بە هۆی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە بشێونکەی سەرەکیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە ئاڵۆزتر دەبێ.












