ئەمریکا دەڵێ: بۆکۆتایی هێنان بە کردەوەی تێرۆریستی و کار و چالاکییە مەترسیدارەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوشارەکان لە سەر ئەو ڕێژیمە زیاتر دەکەین.
“مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٣١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ساڵی ڕابردووەوە بۆ کۆتایی هێنان بە کردەوەی تێرۆریستی و کار و چالاکییە مەترسیدارەکانی دیکەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، گوشارەکانی لەسەر ئەو ڕێژیمە زیاتر کردوە.
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ٢٣١ ساڵەی دامەزراندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا لە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کردەوەکانی ئەو ڕێژیمەیە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان. پۆمپێئۆ لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە کە ئامانجی ئەمریکا، پێشگرتن بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە تاکوو دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگات و هەموو هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ تاکوو گوشاری زیاتر بخەینە سەر ئەو ڕێژیمە و لە ڕێگەی دیپلۆماسی، ئابووری و پێوەندییەکانەوە هەوڵ دەدەین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی نەگات.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەمریکا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتووەکان لە سەر کۆماری ئیسلامی کە کڕین و فرۆشتنی چەکە لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە قەدەغە کردوە، بەردەوام هەوڵ دەدا و جەخت دەکاتەوە کە ڕێگە نەدا کە ئەو گەمارۆیانە کۆتایی پێ بێت. ئەمریکا کە هەموو کات ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەزانێ، لە ساڵی ٢٠١٨ـی زایینییەوە لە ڕێکەوتننامەی ناوکی (بەرجام) هاتە دەرەوە و هەوڵەکانی بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر کردەوە. بەڵام ئێستا وڵاتانی ڕووسیە و چین کە بەرژەوندییان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، تا ڕاددەیەک بوونەتە کۆسپ لە بەردەم زیاتر کردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لە سەرڕێژیمی ئێران.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە ماوەی ڕابردوودا، مایک پۆمپێئۆ ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی کڕین و فرۆشتنی چەک لە سەر کۆماری ئیسلامی درێژ نەکاتەوە، ئەوە ئەمریکا مێکانیزیمی پەلاپیتکە دەخاتە گەڕ و یەک لایەنانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە.












